١ نیسان ٢٠١٧ - ١٨:٠٧
  دیاربەکر هیچ کات لە تورکیا جیانابێتەوە

ئەم جوگرافیایە و ئەم گەلە کە کەسانێک دەیانەوێت لە ئێمەی جیابکەنەوە، پێویستدەکات دڵمان لە سنگمانەوە دەربێنن، دیاربەکر مۆرێکی تورکیایە و هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری ئەو مۆرە بکات

سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی شاری ئامەد (دیاربەكر)ی باکووری کوردستانی کرد و بەڵێنی کردنەوەی 85 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 80 ملیۆن دۆلار بە خەڵکی شارەکە دا. لە گوتارێكیشدا رایگەیاند "ئەم جوگرافیایە و ئەم گەلە کە کەسانێک دەیانەوێت لە ئێمەی جیابکەنەوە، پێویستدەکات دڵمان لە سنگمانەوە دەربێنن، دیاربەکر مۆرێکی تورکیایە و هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری ئەو مۆرە بکات".

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت .ع.ابنا: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی شەممە 1-4-2017، لە ئامەد بەشداریی گردبوونەوەیەکی جەماوەری كرد و گوتارێکی پێشکەشکرد. ئەردۆغان لە قسەكانیدا دڵنیایی بە خەڵکی ئامەد دا لە هەموو کێشەکان لەپشتیان دەبن و چارەسەری هەر کێشەیەکیش لای ئەوانە. گوتیشی "ئەمڕۆ بۆ پێشخستن و بوژانەوەی دیاربەکر، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین و کردوومانە".

سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی گەیاندنی گازی سرووشتی بۆ دیاربەکر بە خەڵکی شارەکە دا و گوتی "ئێمە گازی سرووشتی بەو ناوچانە دەگەیێنین، بەڵام رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دێن و دەیتەقێننەوە، ئەمانە ناپاک و نەفس نزمن، ئەمانە برا کوردەکانی منیان خۆشناوێت، ئەوان هیچ کاتێک ناتوانن ببنە نوێنەری برا کوردەکانی من، هەموو شتێکیان درۆیە".

یەكێك لەو 80 پڕۆژەیەی ئەردۆغان بەڵێنی كردنەوەی دا، پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆ بوو، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو پڕۆژەیە یەک ملیۆن هێکتار ئاو لەخۆدەگرێت، تا ئەمڕۆ لە تەواوی تورکیا هاووڵاتیان سوود لە 756 یەکە وەردەگرن، ئەوەی لە دیاربەکر رادەستکراوە، ئەم ژمارەیەی تێپەڕکردووە".

ئەردۆغان لە درێژەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، تاوەکو ئەو لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بێت: "هیچ بەڵایەک لە تیرۆر یان هەر لایەکی دیکەوە ناتوانێت زیانتان پێبگەیێنێت، هەر کاتێک پێویستیتان بە بوژانەوەی ئابووری هەیە یان کێشەتان هەیە، چارەسەر لای ئێمەیە، ئێمە چارەسەرکارین، هەر کێشەیەکتان هەبوو ئێمە بەتەنگتانەوە دێین".

ئاماژەی بەوەش كرد ئەوان بەهەستیارییەوە لەسەر پڕۆژەکانیان بەردەوامن و گوتی "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3 هەزار ناوچە کە پێشتر پڕۆژەیان لێ کرابوو، چاک کراونەتەوە. بەگشتی لە یەکەم قۆناخدا لە دیاربەکر 2 هەزار یەکە و شوێنی گەشتیاری پێشکەش بە کەرتە تایبەتەکان کراون. بۆچی دەڵێن دیاربەکر لەڕووی گەشتیارییەوە پەکی کەتووە؟ من دەڵێم تاوەکو تیرۆر هەبێت سیخوڕە تیرۆریستەکان دێنە ئێرە و گەشتیاران ناوێرن روو لە ناوچەکە بکەن، ئیش و کاری ئەوان تێکدانە".

ئەردۆغان لە وەسفی دیاربەكردا بە جەختكردنەوە گوتیشی "تورکیا چۆن بەبێ ئیستنەبوڵ، ئیزمیر، ترابزۆن، ئەنتاڵیا و ئەرزرۆم نابێت، بەهیچ شێوەیەکیش بەبێ دیاربەکر نابێت، چونکە دیاربەکر دڵی ئێمەیە".

هەروەها گوتیشی "ئەم جوگرافیایە و ئەم گەلە کە کەسانێک دەیانەوێت لە ئێمەی جیا بکەنەوە، پێویست دەکات دڵمان لە سنگمانەوە دەربێنن، دیاربەکر مۆرێکی تورکیایە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری ئەو مۆرە بکات، خوای گەورە قەدەری ئێمەی لەو جوگرافیایە بەو شێوەیە نووسیوە، کە بەیەکەوە بێت، چۆن مێژوومان هاوبەشە، دەبێت داهاتووشمان هاوبەش بێت، پەنا بەخوا داهاتووێکی رۆشن چاوەڕێی ئێمە دەکات".